دەرهێنەری کچی کافرۆش: ٥٣ ملیۆن دیناریان لە فیلمەکەم بڕی و ٩ دەفتەر دۆلار قەرزارم - KMelody

 

 

دەرهێنەری کچی کافرۆش: ٥٣ ملیۆن دیناریان لە فیلمەکەم بڕی و ٩ دەفتەر دۆلار قەرزارم

 

Kchi Kafrosh - KMelody.Net - کچی کافرۆش ـ کوردمیلۆدیکوردمیلۆدی ـ ٣٠ تشرینی دووەم / سینەماکار تەنیا کەریم، سیناریست و دەرهێنەرى فیلمى کچى کافرۆش، کە ئێستا لەکۆیە لەقۆناغى وێنەگرتن دایە، لە چاوپێکەوتنێکیدا “مانگێکى تر فیلمەکە تەواودەبێ”. هەروەها ئاماژەى بەوەشدا فیلمەکەى کێشەى بودجەى هەیە و تائێستا دوو سەیارەى خۆى لەسەرى فرۆشتووە.

٦٠ ئەکتەرى لاوەکى و دوو ئەکتەرى سەرەکى بەشدارى فیلمەکەن، جگە لە ١٥٠ کۆمبارس، ماوەى فیلمەکەش ٩٠ خولەکە، کە بەپێى قسەى دەرهێنەر وێنەکانى بەشێکى لەکۆیە دەبێ و بەشێکى دیکەى لەسلێمانى، بەشێکى ترى لەدەرەوەى کوردستان دەبێت “لەوانەیە لە بەریتانیا بێت یاخود جۆرجیا”. چیرۆکى فیلمى کچى کافرۆش باسى کچێکى رۆژهەڵات دەکات، کە ئاوارەى کوردستانى ئێرە دەبێت و لەلایەن بەریتانیایەک دەرفێنرێت، بەڵام تەنیا کەریم چیرۆکەکەى دەستکارى کردووە و دەڵێت لەلاى من کراوەتە چیرۆکێکى تر، ئەم کچە لەلایەن کەسی سێیەمەوە لەبەریتانیا دەرمانخوارد دەکرێ و بەکچێکى کورد لەقەڵەم دەدرێت، هەوڵمداوە بەشێوەیەکى بەرچاو کۆڕەوەکەش نیشان بدەم”.

دەرهێنەر ئاماژە بەوە دەدات، کاتێک راپۆرتێکى کۆڤاری هەڵبوون دەخوێنێتەوە لەبارەى کچى کافرۆش، ئەویش بیرۆکەى دروستکردنى فیلمى کچى کافرۆشى لادروست دەبێت، بۆیە لەسیناریۆى فیلمەکەش سوودى لەم راپۆرتەى هەڵبوون وەرگرتووە و دەڵێت “بیرۆکەى ئەم فیلمەم لەراپۆرتێکى رۆژنامەنووس محەمەد گۆران وەرگرت، کە لەگۆڤارى هەڵبوون بڵاوکرایەوە، کە راپۆرتەکە لەسەر زارى پیاوێک بەناوى (مام شێرزاد) دەگێڕێتەوە، کە ئەم بابەتەم خوێندەوە لەسەرەتادا ویستم بە دیکۆمێنتارى ئیشى لەسەر بکەم، پرسم بەچەند مێژوونووس و کەسانى شارەزا کرد گوتیان هەموو شتێک چیرۆک و داستانە هیچ راستییەکى زانستى لەسەر ئەم تابلۆیە نییە، بۆیە نەمتوانى وەکو دیکۆمێنتارى ئیشى لەسەر بکەم. بەپێویستم زانى وەکو فیلمێکى داستانى رۆمانسى ئیشى لەسەر بکەم، لەم هەوڵەمدا پێم وایە سەرکەوتوو بووم”. تەنیا کەریم گوتیشى “ئەم فیلمەى من یەکەم فیلمى مێژوویى سینەماییە لەمێژووى کورددا، راستە (مەم و زین و ئەحمەدى خانى و شتى تریش) کراوە، بەڵام وەکو فیلمى سینەمایى کچى کافرۆش دەبێتە یەکەم فیلمى مێژووی سینەمایى داستانى”.

دەستنیشانکردنى سنور ئالانى بۆ رۆڵى کچى کافرۆش هەفتەى یەکەم هەلاى نایەوە، چونکە ئەو گوتووتى “لەناو ٨٠ کچ من هەڵبژێردراوم”. هەروەها ناوى هەندێ کچى ئەکتەر و گۆرانیبێژى هێنابوو کە لەراستیدا ئەوان پەیوەندیان بە فیلمى کچى کافرۆشەوە نەبوو. دواجار بەروونکردنەوە و داواى لێبوردنى سنور ئالانى کۆتایى بەم هەلایە هات.

بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە تەنیا کەریم دەرهێنەر، وێنەى چەندان کچى لەتۆرى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاوکردەوە وەکو کاندید بۆ رۆڵى کچى کافرۆش ناوى دەهێنان، بەڵام رۆڵەکەى بە کچێکدا کە ناو و وێنەى ئەم کچە لەناو کاندیدەکاندا نەبوو! ئەویش سنور ئالانى بوو، کە بەبێ تێست رۆڵى کچى کافرۆشى پێدا.

لەوبارەیەوە تەنیا کەریم دەڵێت “راستە نزیکەى ٨٠ کچ خۆیان تێست کرد، چواریان ئێمە دەمانویست ئەوان نەهاتن، بەڵام لەکۆتایدا بەبێ تێست سنور ئالانیم هەڵبژارد، من بە سوتفە بینیم کچێک لەکەناڵى نالیا هەواڵەکان دەخوێنێتەوە، وێنەى ئەوم کۆپى کرد لەسەر وێنەکە کچى کافرۆش بەدڵم بوو، چونکە من لەباشترین دەگەڕێم هەم لەروخسار هەم لەنواندنەوە، بۆیە پەیوەندیم پێوەکرد و بەخۆشحاڵیەوە رەزامەندى دا و هاوسەرەکەشى زۆر هاوکاریکرد، ئەوە حەقى خۆمە وەکو دەرهێنەر کێ هەڵدەبژێرم، لەکاتێکدا کچەکانى تریش بەمە دڵگران نەبوون، لەکۆتایدا خەڵاتى رێزلێنانى فیلمەکەم بە هەموو ئەو کچانە دەدەم”. ئەو دەرهێنەرە فیلمەکەى خۆى بەنموونە دێنێتەوە کە لەکوردستان ئەزمەى کچ نییە لەکارى هونەریدا بەڵکو ئەو دەڵێت “ئەوەى منى دڵخۆشکرد هەستم کرد کچانى ئەم وڵاتە ئەگەر کارى باش و ناوازە هەبێ ئامادەن بێنەپێشەوە و بەشدارى لەکارى هونەریدا بکەن، بڕوام بەم قسەیە نییە کە دەگوترێ لەکوردستان ئەزمەى کچ هەیە، بۆ نموومە لەم ٨٠ کچەى کە ئامادەبوون بەشدارى لەفیلمى کچى کافرۆش بکەن و رۆڵى کچى کافرۆش ببینن زۆربەیان یەکەمجاریان بوو بەشدارى لەکارى هونەریدا بکەن، ئەوە جێگەى دڵخۆشییە”.

دەرهێنەرى فیلمى کچى کافرۆش مانگێکى داناوە بۆ تەواوکردنى فیلمەکەى، هەورەها بەجۆرێک لەسەرکەوتنى فیلمەکەى دڵنیایە دەڵێ “ئێستا من هەموو شتێک تەسلیمى وێنەگرەکەم بکەم و بڕۆم بۆ ماڵەوە ئەو فیلمەکەم بەئامادەکراوى دەداتەوە، هەموو دیمەن و نواندن و شوێنى وێنەگرتنەکان دابەش کراوە و هەر کەس ئیشى خۆى بەتەواوەتى دەزانێ، بۆیە سەردەکەوتنى فیلمەکەم لە سەدا سەدە”.

کچى کافرۆش دوو هەفتەیە لەکۆیە دەستى بەوێنەگرتنى کراوە، هێشتا لەسلێمانى و دەرەوەى کوردستانیش وێنەگرتنى ماوە، بەڵام لەئێستاوە دەرهێنەر رایگەیاند کێشەى بودجەى هەیە و بەهۆیەوە تووسى قەرز بووە “لەبەرئەوەى بودجەى فیلمەکەم ٢٥٠ ملیۆن دینار بوو، کەچى بەبێ هیچ پێوەرێک و بەکەیفى خۆیان ٥٣ ملیۆن دیناریان لێى کەم کردەوە، بە شایەدى هەموو برادەران تائێستا دوو سەیارەى خۆم لەسەر ئەم فیلمە فرۆشتووە و ئێستا وا قسە لەگەڵ تۆ دەکەم ئەمڕۆ سەیارەیەکم فرۆشت، جگەلەوەش نۆ دەفتەر دۆلار لەسەرى قەرزار بوومەتەوە، بەڵام بڕیارمداوە هەردەبێ فیلمەکەم تەواوى بکەم، چونکە عەشقى فیلمەکەى خۆمم، کە تەواویشم کرد هەوڵدەدەم ئەو ٥٣ ملیۆن دینارە وەربگرمەوە، حەزدەکەم ئەوەش بڵێم ئەوە یەکەمین فیلمى سینەمایى کوردییە کە کەمترین بودجەى هەیە، لەکاتێکدا گەورەترین فیلمى مێژوویى کوردییە”، ئەمەش کۆتایی قسەکانی دەرهێنەری کچی کافرۆشە.

(کوردمیلۆدی)

دیتن و دیمانە: زانا دلشاد دزەیی – سڤیل.

Chawi Dwem - چاوی دووەم