سرته‌ له‌گه‌ڵ با به‌مۆری فێستیڤاڵی کانه‌وه‌ له‌ سینه‌ماکانی ئه‌وروپا دێته‌ نمایشکردن - KMelody

 

سرته‌ له‌گه‌ڵ با به‌مۆری فێستیڤاڵی کانه‌وه‌ له‌ سینه‌ماکانی ئه‌وروپا دێته‌ نمایشکردن

 

کوردمیلۆدی ـ سینه‌ما ـ فیلمێکی سینه‌مایی /

هه‌ولێر 4 ته‌مووز/یۆلیۆ (کوردمیلۆدی) ـ دوای ئه‌وه‌ی به‌شداری فێستیڤاڵی “کان”ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرد و خه‌ڵاتی چوار له‌ ره‌خنه‌گرانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ی وه‌رگرت، فیلمی سینه‌مایی “سرته‌ له‌گه‌ڵ با” له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ر “شه‌هرامی عه‌لیدی” له‌ سینه‌ماکانی ئه‌وروپا نمایشده‌کرێت و وه‌ک یه‌که‌م فیلمی سینه‌مایی کورد که‌ داهاتی بۆ کوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ دێته‌ ناسانان.

شه‌هرامی عه‌لیدی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که‌ به‌ (کوردمیلۆدی)ی گوت “ئه‌م فیلمه‌ به‌شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و جیهانی هاتۆته‌ به‌رهه‌م، ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی باس له‌ کاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌کات، یه‌که‌م فیلمی سینه‌مایی کوردییه‌ که‌ له‌ سینه‌ماکانی ئه‌وروپا نمایش بکرێت و خه‌ڵکی بلیتی بۆ بکڕن و داهاته‌که‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌”.

زیاتر گوتی “ئه‌م فیلمه‌ له‌ فێستیڤاڵی کانی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌رگیراو خه‌ڵاتی چوار له‌ ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی وه‌رگرت، ئه‌وه‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌ییه‌ که‌ فیلمه‌که‌ به‌مۆری فێستیڤاڵی کانه‌وه‌ له‌ سینه‌ماکان پیشان ده‌درێت”.

“فیلمه‌که‌ له‌ 20 هۆلی سینه‌مایی فه‌ڕه‌نسا پیشاندراوه‌، ئێستاش له‌ سینه‌ماکانی ئه‌ڵمانیا و نه‌روێژ و هۆڵه‌نداو چه‌ندین وڵاتی تری ئه‌وروپایی پیشان ده‌درێت” عه‌لیدی وای گوت.

له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی نمایشکردنی ئه‌م فیلمه‌ عه‌لیدی گوتی “كۆمپانیای U MEDIA كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیا جیهانییەكانی بڵاوكردنەوەی فیلمی سینەمایی و تەنیا فیلمە بەهێزەكانی گەورە سینەماكارەكان دەوەشێنێ، ئەم فیلمانەی ئەم كۆمپانیایە بڵاوی دەكاتەوە هەمووی لە گەورە فیستیڤالە جیهانییەكان بەشدار دەبن، ئێمەش توانیمان دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەم فیلمە سینەماییە بگەیەنێنیە فەڕەنسا و لەوێ لە سینەماكان نمایشی بكەین و خۆشبەختانە ئەم هەوڵەی ئێمە بوو بە دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان سینەماكارە كوردەكان و سینەمای ئەوروپی”.

زیاتر گوتی “داهاتی ئەم فیلمە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو فیلمەكەش بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمایە، بەئامادەبوونی سەدان هەزار بینەر لە سینەماكانی ئەوروپا وەشێندراوە، هەر لە یەكەم ڕۆژی نمایشكردنی ئەم فیلمە 3000 بینەر ئامادەی بوو و خۆشم لەوێ ئامادەبووم، ئەمەش كاریگەری بڵاوبونەوەی پرسی ئەنفالی میلەتی كورد بە دونیادا هه‌یه‌ و دەبێتە هۆی بوونە بابەت و چونە نێو هزر و مێشكی خێزان و ماڵەكانی وڵاتانی دونیا”.

شەهرام عەلیدی لە 11 دێسێمبەری 1971 لە سەنندجی كوردستانی ئێران لە دایكبووە، یەكێكە لە فلیمسازە ئەكادیمییە بەهێزەكان و چەندیم كورتە فیلم و فیلمی سینەمایی بەهێزی بەرهەم هێناوە.

(کوردمیلۆدی)

ده‌رباز یونس

تێبینی: ئه‌مه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌کی کاتی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که‌، شه‌هرامی عه‌لیدی به‌تایبه‌ت بۆ (کوردمیلۆدی) ناردووه‌.